هه‌وڵه‌كان بۆ رزگاری كردنی گیانی حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی دنیای داگرتووه2010 12 24 - 16:34رۆژهه‌ڵات تایمز - ناوه‌ندی هه‌واڵ: دوا به دوای راگه‌یاندنی ئێعدام كردنی حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی پووریان له زمان ساڵح نیكبه‌خت كه وه‌كیلی ناوبراوه، كۆمه‌ڵێكی زۆر لایه‌ن و ناوه‌ندی جۆراوجۆر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ناڕه‌زایه‌تییان له به‌رامبه‌ر ئه‌م حوكمه‌دا ده‌ربڕیوه و هه‌روه‌ها ئاگاداری بۆ پێكهێنانی خۆپیشاندان یان شێوازه‌كانی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به مه‌به‌ستی رزگاركردنی گیانی ناوبراو له لایه‌ن زۆر ناوه‌ند و لایه‌نی جۆراوجۆره‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه. به پێی دوایین زانیارییه‌كان كۆمه‌ڵێكی زۆر لایه‌ن و ناوه‌ند له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا هه‌ڵوێستی ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه. رۆژهه‌ڵات تایمز له‌م باره‌وه راپۆرتێكی سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵێك له‌و هه‌وڵانه ئاماده كردوه. ئه‌وه‌ی له خواره‌وه ده‌یخوێننه‌وه راپۆرتێكه له‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دراون و یان رێك خراون. ناوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی لێخۆشبوو‌ن له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێعدامی حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی پووریان راگه‌یاندنێكی ده‌ركردوه كه له‌ودا داوای لێخۆشبوو‌ن له ناوبراو كراوه. شایانی باسه كۆمه‌ڵه‌ی كورده‌كانی فه‌ڕانسه‌ش له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا و به مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م حوكمه بڕیاری به‌ڕێوه‌چوونی رێپێوانێكیان داوه كه بڕیار وایه ئه‌م رێپێوانه له مه‌یدانی تروكادرو و له رۆژی شه‌ممه واته رێكه‌وتی25 /12/2010 كاتژمێر 2 تا چواری پاشنیوه‌ڕۆ به‌ڕێوه بچێ. له درێژه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه بۆ رزگاركردنی گیانی ناوبراو دراون هه‌ر ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێك له رووناكبیران و نووسه‌ران و چالاكانی مه‌ده‌نی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له باشووری كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێك دا داوا له خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه سبه‌ی له پاركی ئازادی شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بۆ حوكمی ئێعدامی حه‌بیبوڵڵا به‌ڕێوه ببه‌ن. له راگه‌یاندراوه‌كه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا هاتووه "ئێمه كۆمه‌ڵێك له چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی كورد داوا له‌سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ رێگرتن له جێبه‌جێبوونی ئه‌و حوكمه ناڕه‌وایه ئه‌و په‌ڕی هه‌وڵی خۆیان بده‌ن و پارته سیاسیه‌كانیش له رێگه‌ی بانگه‌وازی خۆیان و چالاكیی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه ئه‌ركی نه‌ته‌وایه‌تی و مێژوویی خۆیان به‌جێ بهێنن". هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا فێدراسیۆنی زیندانییانی سیاسیش له راگه‌یه‌ندراوێكدا داوا ده‌كا ناڕه‌زایه‌تییه‌كان هه‌رچی زۆرتر په‌ره بسێنن. له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "بۆ ڕێگه‌گرتن له‌م تاوانه‌ی ڕژێمی ئاخوندی و ڕزگار كردنی گیانی گیراوی كورد حه‌بیبوالله له‌تیفی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی كوردستان داوا له‌جه‌ماوه‌ری كوردی سه‌ربه‌رزی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ته‌واوی كوردستانی مه‌زن و سه‌رجه‌م مرۆڤ دۆستان ده‌كات له‌ناوه‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ئه‌م چالاكیه‌مه‌ده‌نیانه‌ئه‌نجام بده‌ن : سبه‌ی كاتژمێر 1 (یه‌ك) ی نیوه‌ڕۆ مان بگرن و ته‌واوی بازاڕ و دووكانه‌كان داخه‌ن . سبه‌ی كاتژمێر 10 ی شه‌و چراكانتان بكوژێننه‌وه‌بۆ ماوه‌ی یه‌ك خوله‌ك . سبه‌ی شه‌و كاتی تاریك و ڕۆن له‌به‌رده‌م زیندانی سنه كۆ ببنه‌وه" شایانی باسه هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا كۆمه‌ڵێكی زۆر نووسه‌ر و رۆژنامه‌وانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه له باشووری كوردستان نیشته‌جێن داوا له سه‌رۆكی حوكمه‌تی كوردستان، پارلمانی كوردستان و ناوه‌ند و لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ن كه به په‌له هه‌وڵه‌كانی خۆیان له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا بخه‌نه گه‌ڕ. ئه‌مڕۆ له وڵاتی ئاڵمان و له شاری فڕانكفۆڕت له به‌ر ده‌م سه‌فاره‌تی كۆماری ئیسلامی‌دا ناڕه‌زایه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م حوكمه ده‌ربڕا. هه‌روه‌ها هه‌واڵه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه بڕیار وایه سبه‌ی له وڵاتی نۆڕوێژ و له شاری ئۆسلۆ هه‌ر به‌م بۆنه‌وه له به‌ر ده‌م سه‌فاره‌تی كۆماری ئیسلامی‌دا ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕدرێ. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا خوشكی حه‌بیبوڵڵا باس له ئاستی ئه‌شكه‌نجه‌دانی ناوبراو ده‌كا: له كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ی زیندانبانه‌كانی كۆماری ئیسلامی، ناوبراو ده‌ڵێ ئه‌وه‌نده‌یان به باتووم له حه‌بیب دابوو كه بۆ ماوه‌ی چوار حه‌وتوو ناوبراو له سه‌ر زگ ده‌ڕۆیشت و گورچیله‌كانی تووشی خوێن رێزی هاتبوون. هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه كه حه‌بیبوڵڵا خۆشی ئاگاداری به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م حوكمه له رۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا نیه. به پێی زانیارییه‌كان به‌رپرسانی دادوه‌ری به ساڵح نیكبه‌خت وه‌كیلی حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی‌پووریان راگه‌یاندوه كه رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو به دڵنیاییه‌وه حوكمی ئێعدامی ناوبراو به‌ڕێوه ده‌چێ. نیكبه‌خت وێڕای ناڕاحه‌تی خۆی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م حوكمه رایگه‌یاندووه كه "جارێكی‌تریش داواكاری بۆ دادگای پێداچوونه‌وه به سه‌ر حوكمه‌كه‌دا ده‌نێرین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێشگری له به‌ڕێوه‌چوونی حوكمی ئێعدامی حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی پووریان بگرین، هه‌رچه‌نده پێشتریش ئه‌و هه‌وڵه‌مان دابوو به‌ڵام هه‌وڵه‌كانمان ناكام مایه‌وه". ساڵح نیكبه‌خت باسی ئه‌وه‌ی كردوه كه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ته‌نیا و ته‌نیا ده‌توانین داوای لێبوردن بۆ ناوبراو بكه‌ین. شایانی باسه حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی پووریان له ساڵی 1386 له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ماوه‌ی 4 مانگ له ژووری تاكه‌كه‌سی زیندانه‌كان دا له ژێر تووندترین ئه‌شكه‌نجه‌كان دا لێكۆڵینه‌وه‌ی لێكرابوو. ناوبراو ساڵێك دواتر له دادگایه‌كی چه‌ند خوله‌كی‌دا كه ناوبراو خۆی له نامه‌یه‌ك ماوه‌ی ئه‌و دادگایه‌ی به 10 خوله‌ك تا چاره‌گه ساعه‌تێك ناوبردبوو له لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای ئیسلامی شاری سنه‌وه حوكمی ئێعدامی بۆ بڕایه‌وه. شایانی باسه كه ناوبراو به تاوانی شێواندنی ئه‌منییه‌ت و ئاسایشی وڵات تاوانبار كرابوو و هه‌روه‌ها ناوبرا له لایه‌ن دادوه‌ره‌وه به پشت به‌ستن به ئایه‌ی 33ی سووڕه‌ی مائیده‌ی قورئان، کتێبی پیرۆزی موسوڵمانان و هه‌روه‌ها به پشت ئه‌ستووری بڕگه‌كانی یه‌كه‌م، سێهه‌م، پێنجه‌م و شه‌شه‌می كتێبی "تحریر الوسیله"ی خومه‌ینی و مادده‌كانی 183 و 186 و 190 و 191ی یاسای سزادانی ئیسلامی به دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خودا تاوانبار كراوه و هه‌ر به پێی ئه‌م تاوانه سزای ناوبراویان به ئێعدام دیاری كردوه. هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا هه‌وڵی خوشكی حه‌بیبوڵڵا داوای كردوه كه هه‌ر كه‌س به پێی توانای خۆی ده‌توانێ له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا هاوكاریمان بكا بۆ پاراستنی گیانی براكه‌م. هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌شی ره‌ت كردۆته‌وه كه براكه‌ی له لایه‌ن دادگای شۆڕشی ئیسلامییه‌وه به ترۆریست و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خوا مه‌حكووم كراوه، ناوبراو ده‌ڵێ ئه‌و تۆمه‌تانه راست نین و براكه‌ی من ترۆریست نیه. جێی ئاماژه‌یه كه زۆربه‌ی سایت و ناوه‌نده هه‌واڵده‌رییه‌كان له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا به گرینگییه‌وه راگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه‌یان بڵاو كردۆته‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌م حوكمه ده‌رببڕێ زۆر به‌هێزه. |
http://rojhelattimes.org/read.php?id=1798 |