چوار ئەندامی یەک بنەماڵە بە تۆمەتی "کردەوەی تیرۆریستی" لە مەهاباد دەستگیر کران


چوار ئەندامی یەک بنەماڵە بە تۆمەتی "کردەوەی تیرۆریستی" لە مەهاباد دەستگیر کران

2010 12 22 - 23:29
avatar
رۆژهەڵات تایمز - ناوەندی هەواڵ: دەزگا راگەیەنەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زمان "سەمەد حەزرەتی" دادستانی گشتیی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد رایانگەیاند کە چوار "تیرۆریست"یان لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان دەستبەسەر کردووە. هەروەک راشیانگەیاندووە هەر چوار کەس ئەندامانی یەک بنەماڵەن کە سێ کەسیان لە شاری مەهاباد و کەسی چوارەم بە وتەی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی لە کاتێک دا "لە مەهابادەوە بەرەو بۆکان هەڵدەهات، دوای تەقە و لێکدانێکی چەکدارانە و لە کاتێک دا کە بریندار بوو"، دەستبەسەر کراون.
سەمەدی حەزرەتی ئیدیعای کردووە کە ئەو چوار کەسە بە تەما بوون لە سەرەتای مانگی موحەڕەم دا دەست بدەن دانانەوەی بۆمب و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن کە سەرجەمیان دەستبەسەر و هەر ئیستا لە گرتوخانەدا راگیراون.
دادستانی گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد راشیگەیاندووە کە چوار قەبزە چەکی جۆری کەڵاشینکۆف لەو کەسە دەستی بەسەردا گیراوە کە خەریک بوو لە مەهابادەوە بەرەو بۆکان رابگا.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بابەت ناوی دەستبەسەرکراوەکان و ئەوە کە سەر بە چ لایەنێک بوون، زانیاریەکیان نەداوە بەڵام هەروەک لە هەواڵێکی چەند رۆژ لەمەوبەری رۆژهەڵات تایمز دا هاتبوو، ئەم ئیدیعایەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەرەتا لە لایەن فەرماندەکانی سپای پاسداران بۆ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کرابوو و وتبوویان کە چوار چەکداری کۆمەڵەیان دەستبەسەر کردووە.
بە پێی زانیاریەکانی رۆژهەڵات تایمز کە لەو هەواڵەدا هاتبوو چوار ئەندامی بنەماڵەی ئەفشاری بە ناوەکانی عەلی،رزگار و سوڵتان کە هەرسێکیان برای محەممەد ئەمین ئەفشارین کە لە زستانی ساڵی رابردوودا لەگەڵ تیمە پێشمەرگەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە ناوچەی سەردەشت کەوتنە سەر کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانیان لە دەست دا، لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراون. دەگوترێ کە لەو هێرشەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دا تەقە و لێکدانیش هاتۆتە ئاراوە. بەڵام روون نییە کە ئاخۆ ئەو کەسانە چەکدار بوون یان تەنیا هێرشە چەکداریەکە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بووە.
ئاژانسی هەواڵدەری موکریانیش دوو رۆژە لەوە پێش لەم هەواڵێک دا رایگەیاند کە ٩ کەس لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان دەستبەسەر کراون کە ناوەکانیان بریتی‌یە لە "سوڵتان، عه‌لی‌، رزگار، وه‌لی‌، شۆڕش و خه‌دیجه‌ ئه‌فشاری‌ كه‌ سه‌ر به‌ یه‌ك بنه‌ماڵه‌ن و هه‌روه‌ها مه‌نسوور ده‌ریانووش، هێمن فه‌رمان، سووره‌ییا مام ره‌حمان پووریش له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌دا ده‌ست به‌ سه‌ر كراون."
http://rojhelattimes.org/read.php?id=1790