دوای ئەوەی روون بۆوە کە لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی دووشەممە ٢٥ی رێبەندانی ١٣٨٩ی شاری تاران لانیکەم دوو خوێندکار و لەوانە سانع ژاڵە، خوێندکاری کوردی بەشی شانۆ لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی شاری تاران گیانیان لە دەست دا، رۆژی چوارشەممە ٢٧ی رێبەندان تەرمی ناوبراو بە خاک دەسپێردرێ.


رۆژهەڵات تایمز - ناوەندی هەواڵ: دوای ئەوەی روون بۆوە کە لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی دووشەممە ٢٥ی رێبەندانی ١٣٨٩ی شاری تاران لانیکەم دوو خوێندکار و لەوانە سانع ژاڵە، خوێندکاری کوردی بەشی شانۆ لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی شاری تاران گیانیان لە دەست دا، رۆژی چوارشەممە ٢٧ی رێبەندان تەرمی ناوبراو بە خاک دەسپێردرێ.
سانع ژاڵە لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ناوبراو، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بە دوای ئەوانیش دا دەزگاکانی راگەیاندنی سەر بە دەسەڵات ئەویان وەک "شەهید" ناساند و راشیانگەیاند کە لە لایەن کەسانی سەر بە موجاهیدینی خەڵق کوژراوە. هاوکات وێنەی کارتێکی بەسیجی زانستگا بە ناوی سانع ژاڵە لە لایەن ئەو راگەیەنەرانەوە بڵاو کراوەیە. هاوکات لایەنگرانی بزوتنەوەی سەوز و ماڵپەڕەکانی سەر بە بزوتنەوەی نارەزایەتیی خەڵکی ئێران لە ناوخۆ بە توندی بەرپەرچی ئەو ئیدیعایانەی کۆماری ئیسلامیان دایەوە و مەئمورانی دەوڵەتیان وەک بکوژی سانع ناساند. هاوکات رێکخراوی خوێندکاریی "دەفتەری تحکیم وحدت" لەم بارەوە کۆماری ئیسلامی بە "شەهید دزین" تاوانبار کردووە. لە لای خۆیشیانەوە وێنەی جۆراوجۆری دیکەیان لە ناوبراو بڵاو کردەوە کە لە ناویان دا وێنەیەک کە لە کاتی سەردانی سانع و پۆلێکی دیکە لە لایەنگرانی بزوتنەوەی سەوز بۆ لای ئایەتوڵڵا مونتەزیری وەک رێبەری ئایینیی بزوتنەوەی سەوز، سەرنج راکێش بوو.
ریشی درێژ و شێوەی بەسیجیانەی داهێنانی موی سەر و رازاندنەوەی روخسار لە وێنەی سەر کارتی بەسیج کە بە جیاوازیش بڵاو کرایەوە، کوردەکانیشی لە بەرامبەر چۆنیەتی روانگەی سانع ژاڵە توشی ڕاڕایی کرد بەڵام "ئەنجومەنی قەڵەمی کوردستانی ئێران" کە لە دەرەوەی وڵات دامەزراوە بەڵام نووسەران لە ناوخۆی وڵاتیشەوە تێیدا ئەندامن، لە راگەیەندراوێک دا سانع ژاڵەی وەک ئەندامی ئەو ئەنجومەنە ناساند.
ئەو راپۆرتەی بی بی سی لەم بارەوە ببینن: