رۆژهەڵات تایمز - ناوەندی هەواڵ: لە گەڵ نیزیک بوونەوە لە رۆژی ١١ی بانەمەڕ، نیگەرانیەکان لە سەر ئەگەری ئیعدامی چالاکی کورد شێرکۆ معارفی پەرەی سەندووە و هاوکات دوا زانیاریەکان باس لە داخرانی پەروەندەکەی و کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمنیەتی و قەزایی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە دەکەن و شێرکۆش دەستی داوەتە مانگرتن.
دوای ئەوەی ماوەیەک لەوە پێش راگەیەندرا کە لە لایەن کاربەدەستانی قەزایی کۆماری ئیسلامیەوە رۆژی ١١ی بانەمەڕ وەک وادەی ئیعدامی شێرکۆ معارفی دیاری کراوە، جموجۆڵ و چالاکیەکان بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پەرەی گرت. هەرچەند دواجار ئەو هەواڵە رەد کرایەوە.
لەم بارەوە خەلیل بەهرامیان، یەکێک لە پارێزەرە ناسراوەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانی خۆی لە ئەگەری ئیعدامی شێرکۆ نەشاردەوە و لە لێدوانێک دا بۆ رادیۆ نەدا رایگەیاند کە بەردەوام نیگەرانیی ئەوەم هەیە کە هەر دەم شێرکۆ ئیعدام بکرێ.
کهمپهینی بهرگری له بهندکراوانی سیاسی و مهدهنی کە بەردەوام بە دوای چارەنووسی ئەو بەندکراوە سیاسیەوەیە، لە هەواڵێک دا بۆ رۆژهەڵات تایمز رادەگەیەنێ کە رۆژی پێنج شەممە، ٢٨ی ئاوریل له دادگۆستهری شاری سهقز له کاتژمێر 8 تا 10 کۆبوونهوهیهک بە بەشداریی هەریەک لە سهرۆکایهتی دادگۆستهری "جهباری" و دادستان "کوشکی" و دادوهری دۆسیهکه "شهریف پوور" و ژمارهیهک له دادوهرهکان بهڕێوه چووه تایبهت به جێ بهجێکردنی سزای لهسێدارهدانی گیراوی سیاسی کورد "شێرکۆ مۆعارفی". له ناوهرۆکی کۆبوونهوهکه هیچ زانیاریهک نهزانراوه.
لە لایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان رایگەیاند کە لە رۆژی پێنج شەممە ٨ی بانەمەڕەوە شێرکۆ معارفی دەستی داوەتە مانگرتن. لە هەواڵەکەدا هاتووە کە شێرکۆ معارفی لە پێوەندیەکی تەلەفۆنی دا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان رایگەیاند؛ لەمڕۆوە بۆ دەربڕینی نارەزایەتی لە بەرامبەر چارەنووسی ناڕوونی خۆم دەستم داوەتە مانگرتن و ئەوەم لە نامەیەک دا بە ئاگاداریی دادئەستێن و بەرپرسانی زیندان گەیاندووە.